برینی زار (ئافتی ناودەم)

Date

برینی زار یا بە واتایەکی زانستی ئێستۆماتیت ئافتی گەڕاوە (Recurrent Aphthous Stomatitis: RAS) بەو برینەی بەشی لێو و ناودەم دەگوترێ کە ئەو کەسەی تووشی دەبێ و لێی وەدەر دەکەوێ هیچ نیشانەیەکی نەخۆشی سیستمیکی دیکەی تێدا نییە. بەگشتی ئەو برینە کێشەیەکی بەربڵاوە و نزیکەی ٢٠٪ کۆمەڵگا تووشی دەبن.


ڕێگەی دیاریکردن و پێناسەی برینی زار:

ئەم برینە تایبەتە بە بەشی ناودەم. نیشانە سەرەتاییەکانی بریتیە لە کزانەوەی شوێنی برینەکە وەک ئەوەی هەست بە دەرکەوتنی زیپکەیەکی بچووک بکرێ کە ئەم دیاردەیە دەبێتە ٢ تا ٤٨ کاتژمێر پێش دەرکەوتنی برینە سەرەکیەکە، پاشان شوێنی برینەکە سوور هەڵدەگەڕێ و وەک برینی لێ دێت. ٤٨ تا ٧٢ کاتژمێر دواتر برینەکە گەورەتر دەبێتەوە. شێوەی کۆتایی برینەکە ناوەکەی سپی و دەورەکەی سوورە(نێکرۆز).

ئایا دەکرێ لە یەک کاتدا چەند برینی ئافتمان هەبێ؟ بەڵێ، برینی ناوبراو هەم بە شێوەی خاڵێکی تاک و هەم کۆمەڵ (چەند خاڵ) دەر دەکەوێ.

ئافتی تاک: بە شێوەی خڕێکی ڕێکە کە قووڵایی برینەکەی زۆر نییە. هیچ شتێکیشی لێ شۆڕ نابێتەوە.

ئافتی کۆمەڵ: چەند دانە خاڵی برین بە لای یەکەوە دەر دێت. ژمارە و ئەندازەی برینەکان جیاوازە. زۆرتر لە بەشی تەڕایی ناودەم و ژێر کوڵمدا دروست دەبێ، بەڵام لە بەشی ڕەقایی مەڵاشوو و پووک کەمتر بەرچاو دەکەوێت.

ڕیزبەندی برینی زار: برینی بچووک، برینی گەورە و تێمیسکە

برینی بچووک (Aphtous Minor): ڕێژەی ٨٠ لەسەدی حاڵەتی ئافت، برینی بچووکە. ئەندازەی تیرەی ناو خڕی برینەکە کەمتر لە یەک سانتیمەترە. بەزۆری نەخۆش ماوەی ٧ تا ١٤ ڕۆژ بەتەواوی برینەکە چاک دەبێتەوە و هیچ شوێنەوارێکی لێ نامێنێتەوە.

برینی گەورە (Aphtous Major): ئەندازەی تیرەی ناو خڕی برینەکە زیاتر لە یەک سانتیمەترە. ئەو برینە ماوەی چەند هەفتە تا چەند مانگان دەمێنێتەوە.

تێمیسکە (Herpetiform): ئەم برینە کەمتر ڕوو ئەدات. زیاتر لە گەورەساڵاندا هەیە و کەمتر لە مناڵاندا ڕوو ئەدا. تێمیسکە برینێکە زیاتر لە ١٠ خاڵی چکوولەی نیو سانتیمەتری لە شوێنێکی بەشی لێو و ناودەم دروست دەبێ.

هۆکارەکانی دروستبوونی برینی زار (Etiology):

alphaArticlePic11

هێشتا هۆکاری سەرەکی دروستبوونی ئەم برینە بۆ پسپۆڕان دەر نەکەوتووە، بەڵام لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو و بەگوێرەی توێژینەوە جۆراجۆرەکان کە پێوەندییان بە برینی ناودەم و ئافتەوە هەیە، هۆکارەکانی خوارەوە دەتوانن کاریگەریان بێ لەسەر دروستبوونی برینی زار. ئەڵبەت ئەوە بزانین هێشتا هۆکاره سەرەکیەکەی نازانرێ. 

١- لە نێوان دروستبوونی برینی ناودەم و ئەم میکرۆبانە پێوەندی هەیە: بەکتریای سترۆپتۆکۆکی (Sterptococcus) ناودەم و هێلیکۆبەکتر پیلۆری (Helicobacter Pylori) گەدە و ڕیخۆڵە، ڤایرۆسی واریسلا زۆستر (Varicella Zoster)، سیتۆمێگالۆ ڤایرووس (Cytomegalovirus) و تیپی ٦ و ٧ ڤایرووسەکانی هێرپس (Herpesviridea). 

٢- هۆکارەکانی بۆماوەیی: باوک و دایکێ کە زیاتر تووشی برینی ناودەم و تێمیسکە دەبن مناڵەکانیان ئەگەری ٩٠ لەسەدی هەیە ئەوانیش تووش بن.

٣- کەمایەسییەکانی هێماتۆلۆجیکی (Hematologic) وەکوو ئاسنی سێرۆم (Serum Iron)، ترشی فولیک (فوولات) و ڤیتامینی B12

٤- کێشەکانی کۆندامی بەرگری و پاراستنی لەش

٥- ترۆما و بەکارهێنانی جگەرە و مادەی هۆشبەر. سەیر لەوەدایە کە دەرکەوتنی برینی زار و تێمیسکە لەو کەسانەی جگەرە دەکێشن ڕێژەکەی کەمە. ئەوانەی جگەرە دەکێشن و پاش ماوەیەک نایکێشن ڕێژەی تووشبوونیان بەم برینە زیاتر دەبێ. 

٦- هۆکارەکانی دیکە کە پێوندییان هەیە بە دڵەڕاوکێ، کێشە دەروونییەکان، برینداربوون یا کوترانی شوێنێک لە ناودەم، سووڕی مانگانە، هەوکردنی بەشی لووت و قوڕگ لە کۆندامی هەناسە و هەروەها هەستیاربوون بە خۆراک.

چارەسەر: لێرە چارەسەر بەپێی ڕێژەی تەشەنەکردنی نەخۆشییەکە دانراوە.

بۆ ئازارشکێنی برینی چکوولە و کەم دەرمانی سڕکەر وەکوو بەنزۆکائین (Benzocaine) و لیدۆکائین (Lidocain) بەکار بهێنن. هەروەها بەیارمەتی مادەی پارێزەری Orabase ژانی ئەو برینە بەخێرایی چارەسەر دەکرێ. ئەگەر برینەکە گەورە و قووڵ بێ دەرمانی بەهێزتر وەکوو ئێسترۆئیدەکانی فلۆکۆنازۆل، بێتامێتازۆن و کلۆبێتازۆل لەسەر برینەکە دابنی تا هەم ئازاری برینەکە بشکێنێ و هەم ئەندازەکەی چکوولە بکاتەوە. جیا لەوانە هەندێ دەرمان هەیە وەکوو ماجوومی Amlexanox، تێتراسایکلین و دۆکسی¬سایکلین لە زاری وەر بدەیت و ناودەمی پێ بشۆری. بۆ چارەسەری برینی گەورە دەکرێ ئێسترۆئیدەکان بە شێوەی دەرزی لە برینەکە بدرێت. ئەگەر نەخۆش بەم دەرمانانە چاک نەبووەوە ئەوە دەرمانی سیستمیکی دیکە بەکار بهێندرێت.

سەرچاوە: کتێبی “نەخۆشیەکانی دەم و ددانی بێرکێت”. نووسەر: دکتۆر ڕەمەزان ئیبراهیمی

More
articles

small_c_popup.png

welcome to

Alphadent

Select your language

this selection may affect content or shopping from Alpha Dent.