نه خوشی لیکوپلاکیای (Leukoplakia) ناوده م

Date

لێکۆپلاکیای ناودەم (HL) نەخۆشیەکە کە بەشێوەی پەڵەیەکی سپی دەر ئەکەوێ و تەواوی ناودەمی مرۆڤ دەگرێتەوە. ئەم نەخۆشییە بەهۆی تەشەنە کردنی زیاد لە ئەندازەی توێژاڵی شاخی و ڕەقی ناودەمەوە دروست دەبێ. ئەم دیاردەیە دووهەمین دەرکەوتەی و نیشانەی نەخۆشی ئایدزە کە لە بەشی زاری نەخۆشدا ئاشکرا دەبێ. بۆ نیشاندانی چالاکی نەخۆشی ئایدز، لێکۆپلاکیا وەک مارکێر و نیشانەیەک کەڵکی لێ وەر دەگرن. هەر بۆیە لە نێوان ئەم نەخۆشییە و ژمارەی کەمی خڕۆکەکانی لەنفۆسیتی تی (CD4+) پێوەندی چڕوپڕ هەیە. 

خاڵێکی دیکە ئەوەیە لێکۆپلاکیای ناودەم دەتوانێ بەهۆی هەندێ کەمایەسیی بەرگری لەش وەکوو ئەنجامی بەکارهێنانی دەرمانی ڕاگرتنی چالاکی بەرگری (immunosuppressive drugs) یا کیمۆتراپی (chemotherapy) خۆی دەر بخات. کەواتە ناکرێ ئەم نەخۆشییە وەک نیشانەیەکی پاتۆگنۆمۆنیک بۆ ئایدز بەکار بهێنین. واتا ئەگەر کەسێک تووشی لێکۆپلاکیای ناودەم بوو ناتوانین بەدڵنیاییەوە بڵێین ئەوە تووشی ئایدز بووە. کەمتر وا هەیە کەسانێ کە کۆندامی بەرگری لەشیان لە ئاستی نۆرماڵدایە، تووشی لێکۆپلاکیا بن.

لێکۆپلاکیا پێوەندیەکی ئێجگار بەهێزی لەگەڵ ڤایرۆسی Epstein–Barr (EBV) هەیە. لە هایستۆلۆجی لێکۆپلاکیادا، پێکهاتەی چڕوپڕی کۆرۆماتین، دووهێندسازی (Replication) ئەو ڤایرۆسە لە کرۆکی خانەکانی ئێپی¬تلیالدا نیشان ئەدات. بە زۆری لێکۆپلاکیا لە سنوورەکانی لاتەنیشتی زمان بەرچاو دەکەوێ. ئەگەرچی لەوانەیە لە پشتەوەی زمان، بنی کوڵم و تەختی زمانیش سەر هەڵبدات. هەروەها ئەوانەی جگەرە ناکێشن زیاتر ئەگەری دروستبوونی لێکۆپلاکیا لە بەشی تەنیشتی زمانیاندا هەیە لەچاو ئەو کەسانەی جگەرە دەکێشن.

لێکۆپلاکیای ناودەم لە سنووری لاتەنیشتی چەپی زمان 

alphaArticlePic20

لە پشکنینەکانی کلینیکاڵی، ئەو نەخۆشییە بە ئاراستەیەکی ئەستوونی پەرژین¬ئاسا بەدرێژایی لاتەنیشتی زمان پەڵەیەکی سپی بەرچاو دەکەوێ. پەڵەکە هەندێک شێوەی زەقی هەیە. هەر بۆیە ناتوانی دایتاشی. هەروەها ئەگەر پێستی باکاڵی ناودەم ڕابکێشی ئەو هێڵە سپییانە بزر نابن. لە نێوان دەرکەوتنی لێکۆپلاکیای نادەم و ترۆما و بەکارهێنانی جگەرە (ژمارە و ماوەی بەکارهێنانی) پێوەندیەکی تەواو و چڕوپڕ هەیە. ئەگەر هاتوو لێکۆپلاکیا بەشێوەی دیسپلازی (گەشە کردن و زیادبوونی نائاسایی خانەکان) دەرکەوت ئەوە نیشانەی تەشەنەکردنی مەترسیداری نەخۆشییەکەیە. دیسپلازی زیاتر لە زمان و هەر دوو لێو و تەختی ناودەم بەرچاو دەکەوێ. 

ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشی ئایدز دەبن تەشەنە کردنی ئەم نەخۆشییە تا ئاستی ٨٠ لەسەد هەڵدەکشێ. بڵاوبوونەوەی لێکۆپلاکیا لە مناڵان کەمترە لەچاو کەسانی گەورە. هەروەها زیاتر پیاوان تووشی دەبن. جیا لەمە لێکۆپلاکیا لە پیاواندا ئەگەری زیاترە ببێتە دیاردەیەکی مەترسیدار بۆیان. 

جۆرەکانی لێکۆپلاکیای ناودەم

١- هێمۆجێنۆس (Homogeneous): 

بەربڵاوترین جۆری لێکۆپلاکیایە (ڕێژەی ٩٢-٩٦ لەسەد). لە پشکنینی سەرەتاییدا بەشێوەی پەڵەیەکی سپی دیار و هێڵ هێڵی ڕێک و یەکسان بەرچاو دەکەوێ. ڕواڵەتی گشتی ئەم لێکۆپلاکیایە زیاتر پەڵەیەکی ساف و تەنک و یا بە شێوەی پێکهاتەیەکی چەرمیی خەت خەت (Cracked-mud) دەر ئەکەوێت. ئەگەری کەمی هەیە (واتا ٢ تا ٤ لەسەد) کە لێکۆپلاکیای هێمۆجێنۆس ببێتە دیاردەیەکی مەترسیدار.

لێکۆپلاکیای هێمۆجێنۆس 

alphaArticlePic21

– ناهێمۆجێنۆس (Non-Homogeneous): 

ئەم جۆرە لێکۆپلاکیایە بۆخۆی بە دوو بەشی خاڵخاڵ (Speckeld) و Proliferative Verrucous Leukoplakia (PVL) دابەش دەبێ.

جۆری لێکۆپلاکیای ناهێمۆجێنۆسی خاڵخاڵ: ڕەنگی پەڵەی نەخۆشییەکە سوورە و خاڵخاڵی سپیشی تێدایە. جا هەر بە بۆنەی تێکەڵاوی خاڵی سوور و سپییەوە بە ئێریترۆپێلاکیا (Erythroplakia) دەناسرێتەوە. ئەم جۆرە لێکۆپلاکیایە زۆر دەگمەنە، بەڵام ئەگەری ٢٠ تا ٣٠ لەسەدی هەیە نەخۆش بەرەو ئاقاری مەترسیداری نەخۆشییەکە بڕوات.

لێکۆپلاکیای ناهێمۆجێنۆسی خاڵخاڵ 

alphaArticlePic22
alphaArticlePic23

جۆری لێکۆپلاکیای ناهێمۆجێنۆسی (PVL): 

ئەم لێکۆپلاکیایە بەشێوەی پەڵەیەکی سپی زەقی (Exophytic) پاپیلاری و نۆدۆلاری ئاشکرا دەبێ. ئەگەری زیادبوون و بڵاوبوونەوەی پەڵەی نەخۆشییەکە لە جۆری PVL زۆرە. بەگشتی تەشەنە کردنی ئەم لێکۆپلاکیایە بۆ ئاقاری مەترسیداری نەخۆشییەکە ٣٠-٤٠٪ تۆمار کراوە، بەڵام لەچاو جۆرەکانی تر کەمتر ڕوو ئەدات.

لێکۆپلاکیای ناهێمۆجێنۆسی PVL 

alphaArticlePic24

چارەسەر

لە پشکنینە سەرەتاییەکاندا ڕواڵەتی زۆر پەڵەی سپی لە نەخۆشی لێکۆپلاکیا دەچێ. ئەگەر هۆکاری سپی¬بوونەوەکە ترۆماتیکی بێ ئەوە دەبێ هەفتەیەک پاش نەمانی هۆکارەکە، پەڵە سپییەکە بۆخۆی چاک بێتەوە. جیا لەوە پێویستە پزیشک نموونەیەک لە پێست و گۆشتی پەڵەکە بۆ پشکنینی تاقیگەیی ببڕێت. وەک دەزانین ئەڵکەحۆل و تووتن دوو فاکتەری بەهێزی ڕوودانی ئەو نەخۆشییەن بۆ ئاقاری مەترسیدار. کەوابوو بۆ چارەسەر کردنی ئەم جۆرە لێکۆپلاکیایە پێویستە سەرەتا نەخۆش دوور بکەوێتە لە بەکارهێنانی تووتن و ئەڵکەحۆل. ئەگەر لێکۆپلاکیاکە بەهۆی بەکارهێنانی ئەوانەوە بێ پاش دوورکەوتنەوە و نەخواردنیان ئەوە نەخۆش بۆخۆی چاک دەبێتەوە و پەڵەکان نامێنن.

سەرەکی¬ترین شێوازی چارەسەری لێکۆپلاکیا نەشتەرگەری و لابردنی تەواوی پەڵەی نەخۆشییەکەیە. ئەگەرچی شێوازی نەشتەرگەرییەکە ڕەخنەی لەسەرە. چونکە ئەگەری بڵاوبوونەوەی شێرپەنجەی ناودەم لەو نەخۆشانەی ئەو نەشتەرگەرییەیان بۆ دەکرێ لەگەڵ ئەوانەی نەشتەرگەرییان بۆ ناکرێ، یەکسانە. ئەندازەی پەڵەی لێکۆپلاکیای کەمتر لە ٢٠ میلی¬مەتر پرۆگنۆزی (Prognosis) باشتری هەیە لەچاو پەڵەی گەورەتر لەو ئەندازەیە.

بۆ بەکارهێنانی دەرمان لە لێکۆپلاکیای بەربڵاو و جۆراوجۆری ناودەم، دەکرێ ڕۆژانە ڕێژەی ١٣ سی¬سی ڕێتیۆنیک ئەسید (Retionic acid) بۆ ماوەی ٢-٣ مانگان بەکار بهێنرێ. بەکارهێنانی ئەو دەرمانە بۆ چارەسەری لێکۆپلاکیا تا ئەندازەیەکی کەم سەرکەوتن بە دەست هاتووە. ئەڵبەت بەهۆی بوونی زیانی لاوەکی بەکارهێنانی ئەو دەرمانە، پێویستە زۆر بە کەمی ڕەچەتە بکرێ. 

کاتێ لێکۆپلاکیا لەگەڵ نەخۆشی ئایدزدا بێ پێویستە دەرمانی دژە ڤایرۆس بەکار بهێندرێ. پێویستە لە ساڵی یەکەمدا سێ مانگ جارێک پاش نەشتەرگەری ئۆکسیژناڵی پەڵەی نەخۆشییەکە پشکنین بکرێ. ئەگەر هاتوو نەخۆشییەکە سەری هەڵنەدایەوە یا پەڵەکە گۆڕانکاری دیکەی بە سەردا نەهات، پشکنینەکە بکرێتە شەش مانگ جارێک. بەپێچەوانەوە ئەگەر هاتوو نەخۆشییەکە سەری هەڵدایەوە یا پەڵەکە گۆڕدرا، پزیشك دەبێ نموونەیەکی دیکە لە پەڵەکە ببڕێ و تاقیکردنەوەی بکات. ئەگەر پاش چارەسەر کردن لێکۆپلاکیا تا پێنج ساڵان سەری هەڵنەدایەوە ئەوە نەخۆش بۆخۆی جارجارە چاو لە شوێنی نەخۆشییەکە بکات و بیپشکنێ.

سەرچاوە: کتێبی “تشخیص بیماریهای دهان” بێرکێت، ٢٠١٥

دوکتر ئارینا وەیسی

More
articles

small_c_popup.png

welcome to

Alphadent

Select your language

this selection may affect content or shopping from Alpha Dent.